هاوپۆلنه‌كراو

ئاڕم و دروشمه‌كان

ناو و پێناسه‌ی رێكخستن

مادده‌ی(1)

ناو:  (به‌ره‌ی دیموكراسی گه‌ل)ه‌

مادده‌ی(2)

لۆگۆكه‌ی:

خۆرێكی زه‌رد له‌ناوه‌ڕاستدا، به‌ده‌وریدا هه‌شت تیرێژی سووری ئه‌ستێره‌یه‌ك، له‌نێوان تیرێژه‌كاندا سێ هێڵی شینی شه‌پۆڵئاسا هه‌یه‌. به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی دوو گوڵه‌ گه‌نمی سه‌وز ده‌وری خۆره‌كه‌ی داوه‌. له‌ژێره‌وه‌ و له‌نێوان هه‌ردوو گوڵه‌ گه‌نمدا كۆترێكی سپی هه‌ڵفڕیو چڵه‌ زه‌یتوونێكی به‌ده‌میه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ژێره‌وه‌ به‌ پانی ناوی به‌ره‌ به‌ كوردی و عه‌ره‌بی و ساڵی دامه‌زراندن نووسراوه‌. ئه‌م لۆگۆیه‌ جگه‌ له‌ ره‌نگی ره‌ش ده‌كرێ له‌سه‌ر هه‌موو ره‌نگه‌كان دابنرێ.

مادده‌ی(3)

پێناسه‌كه‌ی:

رێكخستنێكی سیاسی دیموكراتی نیشتمانی به‌ره‌ییه،‌ له‌پێناو سیسته‌مێكی سیاسی دادپه‌روه‌ر و یه‌كسان و كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراتدا تێده‌كۆشێت.

مادده‌ی(4)

درووشمه‌كانی: ئاشتی، ئازادی، دادپه‌روه‌ری.

مادده‌ی(5)

ئامانجه‌كانی:

(به‌ره‌ی دیموكراسی گه‌ل) له‌پێناو ئه‌م ئامانجانه‌دا تێده‌كۆشێت:

  1. چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی باشووری کوردستان و عێراق به‌رێگا چاره‌ی دیموكراتیانه.
  2. به‌دیهێنانی ژیانێكی ئازاد، سه‌قامگیر و ئاشته‌وا، كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكرات و سیسته‌مێكی دادپه‌روه‌ر و یه‌كسانیخواز.
  3. ئاواكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیموکرات و سیسته‌می کۆنفیدراڵی دیموکراتی.
  4. بونیادنانی سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی.
  5. به‌دیهێنانی ئازادی تاك و ئازادییه‌ گشتییه‌كان و ئازادی پێکهاته باوه‌ڕمه‌ندی و ئه‌تنیکه‌ جیاجیاکانی ناو کۆمه‌ڵگا.
  6. ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و مسۆگه‌ری ژیان و ره‌نجی مرۆڤ.
  7. به‌رگری له‌ ماف و ئازادییه‌كانی ژنان ده‌كات و به‌بنه‌ما و پێوه‌ری ئازادی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینێت.
  8. پارێزوانی له‌ ژینگه‌ی وڵات و به‌هاكانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات.
  9. به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئازاد و دیموكراتانه‌‌ی گه‌لانی كوردستان و عێراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهان.

 

واتای لۆگۆی

 به‌ره‌ی دیموكراسی گه‌ل

پێناسه‌كه‌ی: خۆرێكی زه‌رد له‌ناوه‌ڕاستدا، به‌ده‌وریدا هه‌شت تیرێژی سووری ئه‌ستێره‌یه‌ك، له‌نێوان تیرێژه‌كاندا سێ هێڵی شینی شه‌پۆڵئاسا هه‌یه‌. به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی دوو گوڵه‌ گه‌نمی سه‌وز ده‌وری خۆره‌كه‌ی داوه‌. له‌ژێره‌وه‌ و له‌نێوان هه‌ردوو گوڵه‌ گه‌نمدا كۆترێكی سپی هه‌ڵفڕیو چڵه‌ زه‌یتوونێكی به‌ده‌میه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ژێره‌وه‌ به‌ پانی ناوی به‌ره‌ به‌ كوردی و عه‌ره‌بی و ساڵی دامه‌زراندن نووسراوه‌. ئه‌م لۆگۆیه‌ هیچ ره‌نگێك زه‌مینه‌ی نییه‌، جگه‌ له‌ ره‌نگی ره‌ش ده‌كرێ له‌سه‌ر هه‌موو ره‌نگه‌كان دابنرێ.

واتاكه‌ی له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌: خۆر و ئه‌ستێره‌ و هێڵی شه‌پۆڵئاسا به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ی دانراوه‌ سیمبۆلێكی مێژوویی سۆمه‌رییه‌كانه‌ كه‌ دانیشتوانی خاكی میزۆپۆتامیان. خۆر سیمبۆلی ژیانه‌ له‌لای گه‌لانی زاگرۆسی و میزۆپۆتامیاییدا، ئه‌ستێره‌ی هه‌شت تیرێژ سیمبۆلی كاشییه‌كان و گه‌لانی دیكه‌یه له‌ میزۆپۆتامیا‌. هێڵه‌ شه‌پۆڵئاساكان گوزارشت له‌ هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات ده‌كات. هه‌ردوو گوڵه‌گه‌نم گوزارشت له‌ قۆناخی چه‌رخی به‌ردینی نوێ له‌ میزۆپۆتامیا ده‌كات كه‌ شۆڕشی كشتوكاڵ و گوندئاواكردن و گه‌لێك ئافراندنی دیكه‌ی تێدا به‌دیهاتووه‌. كۆتری هه‌ڵفڕیوی ده‌م به‌ چڵه‌ زه‌یتوون گوزارشت له‌‌و كۆتره ده‌كات كه‌ له‌ چیرۆكی تۆفاندا هه‌واڵی هه‌بوونی شوێنی ژیان و وشكایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌شتی به‌ نوح پێخه‌مبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ كه‌شتیه‌كه‌ی له‌سه‌ر چیایه‌كی كوردستاندا ده‌گیرسێته‌وه‌. به‌گشتی ره‌نگدانه‌وه‌ی سیمبۆله‌كانی هه‌موو گه‌لانی دێرینی میزۆپۆتامیای له‌خۆگرتووه‌ كه‌ كوردستان و عێراقی ئه‌مڕۆ له‌خۆوه‌ ده‌گرێت.

واتاكه‌ی له هه‌نووكه‌دا‌: ئه‌م لۆگۆیه‌ گوزارشت له‌ درووشم و ئامانجه‌كانی (به‌ره‌ی دیموكراسی گه‌ل) ده‌كات كه‌ ئاشتی، ئازادی، دادپه‌روه‌رییه و ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتی و ئازادانه‌ی گه‌لان و دیالۆگی كولتووره‌كان و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دێته‌دی. به‌ره‌ی دیموكراسی گه‌ل؛ وه‌ك ره‌وتێكی سیاسی نوێی كوردستان و عێراق ئه‌م لۆگۆیه‌ی خۆی به‌ پشتبه‌ستن به‌ واتا مێژووییه‌كانی ئه‌و سیمبۆلانه‌ی له‌ لۆگۆكه‌دا به‌كارهاتوون سوودی لێوه‌رگرتوون. بۆیه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ واتا مێژووییه‌كانی لۆگۆكه‌دا، بۆ سه‌رده‌می ئێستا واتایه‌شی نه‌خشاندووه‌ كه‌ گوزارشت له‌ ئامانجه‌ دوور و نزیكه‌كانی بكات و واتاكه‌یشی به‌مشێوه‌یه‌یه‌: (خۆر نیشانه‌ی ئازادی و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ره‌نگه‌كانه‌‌، ‌ئه‌ستێره‌ی سوور نیشانه‌ی شه‌هیدانی رێگای ئازادییه‌، هه‌شت تیرێژه‌كانیشی گوزارشت له‌ هه‌شتی مارسی رۆژی جیهانی ژنان ده‌كات كه‌ پێشه‌نگی ئه‌م خه‌باته‌ن، هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات گوزارشت له‌ ژیان و به‌پیتوفه‌ڕی وڵات ده‌كه‌ن كه‌ میزۆپۆتامیا (وڵاتی نێوان دوو رووبار)یه‌. بۆ رزگاربوون له‌م گێژاوه‌ی ئێستادا پێویست ده‌كات گه‌لانی میزۆپۆتامیا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك خاك و ئاویدا به‌یه‌كه‌وه‌‌ژیانی ئازادانه‌ی خۆیان له‌چوارچێوه‌ی كۆنفیدراڵی دیموكراتی میزۆپۆتامیا پێكبێنن و ببنه‌ هه‌وێنی كۆنفیدراڵی دیموكراتی خۆرهه‌ڵاتی ناوینیش. هه‌ردوو گوڵه‌ گه‌نمیش نیشانه‌ی ره‌نج و به‌رهه‌م و خۆبژێوی و ژینگه‌پارێزییه‌. كۆتری سپی چڵه‌ زه‌یتون به‌ده‌میه‌وه‌ سیمبۆلی ئاشتییه‌كی مایینده‌ و رزگاربوونه‌ له‌م گێژاوه‌ تۆفانئاسایه‌ی كه‌وا ئێستا میزۆپۆتامیا و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهانی گرتۆته‌وه‌.‌)

زياتر نيشان بدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close