هاوپۆلنه‌كراو

ده‌رباره‌ی به‌ره‌ی گه‌ل

 

به‌ره‌ی نوێ كه‌ خاوه‌ن جیهانبینی و فیكر و سیاسه‌ت و شێوازێكی نوێی رێكخستنی و چالاكوانی نوێیه‌، له‌چوارچێوه‌ی ئامانجه‌كانی به‌رنامه‌ی خۆیدا چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی كوردستان و عێراق به‌ بنه‌ما وه‌رده‌گرێ. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ره‌كه‌مان بڕوای به‌ خۆی هه‌یه‌ و وزه‌ و هێزی خۆیشی له‌ كۆمه‌ڵگا وه‌رده‌گرێ و پشت به‌ ئیراده‌ی گه‌ل ده‌به‌ستێ. خزمه‌تكردن به‌ گه‌ل به‌ هۆكار و سه‌رچاوه‌ی هه‌بوونی خۆی ده‌بینێت. ده‌رك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بچووكترین هه‌وڵدان بۆ ئازادی به‌فیڕۆ ناچێت و واتایه‌كی مه‌زنی هه‌یه‌. بێگومان له‌ ئه‌زموونی تێكۆشانی دیكه‌ی گه‌له‌كه‌مان بۆ ئازادی سوودمه‌ند ده‌بێ. كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌بواره‌كانی ئابووری، سیاسی، كارگێڕی، ئاسایشی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری دا له‌نێو كێشه‌ و قه‌یرانی جددی دایه‌ و له‌پێناوی چاره‌سه‌ركردنیاندا هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وێت. به‌‌ره‌كه‌مان له‌وه‌ تێده‌گات كه ئه‌قڵییه‌ت و كاره‌كته‌ری سیاسی و كارگێڕی ده‌سه‌ڵاتخواز سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی هه‌موو ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه‌یه‌. بۆیه‌ گۆڕین و به‌لاوه‌نانی ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئه‌قڵییه‌تێكی ئازادیخواز و دیموكراسیانه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی ده‌زانێت. له‌مه‌شدا به‌بڕیار و ئیراده‌ و به‌رنامه‌یه‌‌.‌‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ به‌ره‌كه‌مان له‌قۆناخی دامه‌زراندنی خۆیدا شێوازی كاركردن و ئامانجه‌كانی خۆی به‌ پووختی له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌خاته‌‌‌ڕوو:

  1. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) ڕێکخستنێکی دیموکراسیخواز، ئازادیخواز و حەقیقەتخوازە. هەرچەندە خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام هێشتا لە قۆناخی خۆبونیادنان دایە و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز، دیموکراسیخواز و دادپەروەر دەتوانێت بەشداری لە پرۆسەی بونیادنان و دامەزراندنی پەیکەری ئەم ڕێکخستنەدا بکات. بۆ ئەمەش دەرگا کراوەیە و داواتان لێدەکەین چالاکانە بەشداری لە بونیادنانیدا بکەن.
  2. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) ڕێکخستنێکە لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان و عێراقدا تیدەکۆشێت و جیاکاری لە نێوان نەتەوە، ئایین، ئایینزا، ڕەگەز، پێکهاتە هەمەڕەنگەکاندا ناکات و هەر کەسێک لەهەر پێکهاتەیەک بێت دەتوانێت ببێتە ئەندامی ئەم بەرەیە و گوزارە لە خۆی و پێکهاتەو ناسنامەکانی خۆی بکات.
  3. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) باوەڕی بەهێزی ژنان و گەنجان و پێشەنگایەتیان هەیە و لەو بڕوایە دایە کە لە ڕێگەی پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانەوە دەتوانرێت گەشە بە خوێندنگەیەکی نوێی سیاسی و تێکۆشان بدرێت و چارەسەری قەیرانەکان بکرێت. هەر بۆیە داوا لەسەرجەم ژنان و گەنجانی ئازادیخواز دەکەین کە (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) بە ڕێکخستنی خۆیان بزانن و لەناویدا پەرە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن .
  4. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و روانین و تێگه‌یشتنانه‌ی پێداگری له‌سه‌ر بێچاره‌یی و بنبه‌ستوون ده‌كه‌ن خۆی بە جێگرەوەیه‌كی دیموكراسی ده‌بینێ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌. خۆی خاوەنی ئیرادە و هەڵویستی خۆیەتی و سەربەخۆیە و پشت بە خۆی و ئیرادەی گەل دەبەستێت و بە ڕێبازی سیاسی، یاسایی و دیموکراسی خەبات و تێکۆشان دەکات.
  5. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) ئیرادەی گەل، چالاکی دیموکراسی و ڕێکخستنی جەماوەری بە به‌بنه‌ما ده‌گرێت لەکار و تێکۆشاندا و هەوڵدەدات کۆتایی بەو قۆناخ و سیاسەتە بهێنێت کە تێیدا هیچ حیساب بۆ ئیرادەی گەل نەکراوە.
  6. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) باوه‌ڕی به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كوردستان هه‌یه.‌ بۆیه‌ گه‌لی كوردستان هه‌ر بڕیارێك له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیراده‌یه‌ داین و داكۆكی لێده‌كه‌ین.
  7. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل)‌ تێکۆشان دەکات بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی سیستەمی ئیداری عێراق و کاراکردنی له‌سه‌ر بنه‌مای کۆنفیدراڵی دیموكراسی، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ عێراق ببێته‌ چه‌ند هه‌رێمێک و هه‌ر هه‌رێمه‌ی له‌ کاروباری ئیداری و به‌ڕێوه‌بردنی خۆیدا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر بێت و پێکه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌کتردا له‌ناو په‌یوه‌ندیه‌کی کۆنفیدراڵدا بن. له‌ دیاریکردنی سنووری ئیداری هه‌رێمه‌کاندا تایبه‌تمه‌ندی فه‌رهه‌نگی و جوگرافی ڕه‌چاو بکرێت.
  8. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) کار ده‌کات بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نێوان پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان و عێراقدا له‌سه‌ر بنه‌مای کۆنفیدراڵی دیموکراتی، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌ر نه‌ته‌وه ‌و پێکهاته‌یه‌ک ئازادانه‌ بژی، خۆی ڕێک بخات و ئازادانه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه ‌و پێکهاته‌کانی تری عێراق یان ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا سه‌کۆی هاوبه‌شی دیموکراسی بۆ خۆیان دروست بکه‌ن.
  9. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) تێده‌کۆشێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ دامه‌زراوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و کۆتاییهێنان به‌ هه‌ژموونی تاکه‌که‌سی و حزبی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌کانه‌وه‌. هه‌روه‌ها باوه‌ڕی به‌ سیسته‌می لامه‌ركه‌زی له‌ سیسته‌می ئیداری بۆ كوردستان هه‌یه و كار ده‌كات بۆئه‌وه‌ی ‌سیسته‌می ئیداری هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی دیموکراسی ڕێکده‌خاته‌وه‌.
  10. بەرەی دیموكراسی گه‌ل) تێده‌کۆشێت بۆ خۆماڵیکردنی سامانه‌ سرشتیه‌کان و ڕێکخستنه‌وه‌ی بواری دارایی و ئابووری، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ شه‌فاف به‌ڕێوه‌ ببرێت، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوڵاتیان لێی سوودمه‌ند بن و به‌لای که‌مه‌وه‌ ژیان بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ک مسۆگه‌ر بکرێت.
  11. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) تێده‌کۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بواره‌کانی خزمه‌تگوزاری له‌ په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، شاره‌وانی، گه‌شتوگوزار …. ڕێکبخاته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ گوزه‌رانێکی شایسته‌ بۆ هه‌موان مسۆگه‌ر بکات.
  12. (بەرەی دیموكراسی گه‌ل) کار ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی سنوور بۆ دەستێوەردانی هێزه‌ دەرەکیه‌کان لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتدا دابنێت و لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە پەیوەندی و بەرژەوەندیدا، پەیوەندی لەگەڵ هێزە دەرەکیەکاندا ڕێکبخاتەوە.

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری

بەرەی دیموكراسی گه‌ل

01.09.2016

زياتر نيشان بدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close