پرسی ژن

پرۆسەی هەڵبژادن یان پرۆسەی فریودانی گەلان؟

دیمۆکراسی ڕاستەقینە لەسەر خاکی دێرینی میزۆپۆتامیا مێژووی دێرینی هەزاران ساڵەی هەیە، خۆبەڕێوەبردنی دیمۆکراسیانە لە نێوان گەلانی ئەم ناوچەیە لە دایک بووە

شیرین موڕاد

دیمۆکراسی ڕاستەقینە لەسەر خاکی دێرینی میزۆپۆتامیا مێژووی دێرینی هەزاران ساڵەی هەیە، خۆبەڕێوەبردنی دیمۆکراسیانە لە نێوان گەلانی ئەم ناوچەیە لە دایک بووە، گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە ڕێگای پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن بووە نەک لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، لە دوای شەڕی جیهانی دووەم، دوو جەمسەر بوونی دەسەڵاتدارانی جیهان لەسەر ئەوەی کامیان بە دەسەڵاتتر دەبێت لەوەی تر، هیچیان ڕازی نەبوون بەو بەشە دەسەڵاتە کە بە دەستیان هێنابوو، چاویان بڕیبووە ئەوی تر هەر وەکو ئەو پەندەی کە دەڵێ “بەشەکەی خۆم بۆ خۆم، بەشەکەی تۆش دەخۆم”، هەمیشە و بە بەردەوامی بەرنامە داڕێژی ووڵاتانی ناوچەکە بوون، بەرژەوەندی خۆیان لە سەر حسابی گەلانی ناوچەکە پاراستووە، زیندوویەتی کلتووری دێرینی ئەم گەلانە و پاراستنی خۆیان بەربەست بووە لە بەردەم پێشڕەویەکانیان،

لە داگیرکردن و تاڵانخوازیدا زۆرترین داگیرکاری و چاوچنۆکی لە جیهاندا و بە تایبەتی باڵادەست بوونیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان بەرنامە و پیلانیان هەبووە، بە دروستکردنی  دەوڵەت نەتەوەی بچووک بچووک و بە ناوی سستەم و بەڕێوەبردنی مۆدێرنانە لە ڕێگای پڕۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە، لە ڕاستیشدا پەیڕەو و سیستمی (پەرتکە و زاڵبە) کە تا ئێستاش بەردەوامە و زیانێکی ئێجگار مەزنی بە گەلانی ناوچەکە گەیاندووە، هەروەها بە تاڵان بردنی هەموو جۆرە سەرمایەیەک کە هەبووە و هەیە، هەر لە سەرمایە کلتووری و کەلەپووری و ئابووری و سەرمایە  نیشتمانیەکانەوە بگرە تاکو سەرمایە مرۆییەکان، بڵاوکردنەوەی نەزانین و دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە نانەوە بە دەستی ئەو جۆرە حوکمی بنەماڵانە کە گوێ ڕایەڵیانن، جا چ ناوێکی لێدەنرێ، کۆماری بێ یان پاشایەتی بێت گرنگ نیە، چونکە هەموویان بە شێوازی هەڵبژاردن و بە ناو پرۆسەی دیموکراسییەوە لوتکەی دەسەڵات بە دەست دەگرن.

بۆ یەکەم جار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و سەدام دا بوو هەڵبژاردن ئەنجام درا، کە چوار ساڵ جارێ بە ترس و تۆقاندن خەڵک دەچوو بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بەڵام هەر (سەدام حسێن)ی دیکتاتۆر خۆی یەکەمی بێ ڕکابەر بوو، لە ۹۹.۹٪ی دەنگەکان هی خۆی بوو،

لە دوای ڕاپەڕینی گەلانی عێراق و باشووری کوردستان لە ساڵی 1992 دا بۆ یەکەم جاریش لە هەرێمی کوردستان دا هەڵبژاردن ئەنجام درا، کە زۆربەی زۆری خەڵک بەشداربوو بە دڵێکی پڕ لە هیواوە بۆ خۆبەڕێوەبەری دیموکراسیانە دروست کردنی پەرلەمانی کوردستان، کە خۆم ئەوەندە دڵخۆش بووم بەو ڕۆژە کە شەو نەنووستم تا ڕۆژ بووەوە کاتژمێر پێنجی بەیانی لە بنکەی دەنگدانەکە بە چەپکێ گوڵە باخ و جلی کوردییەوە ئامادە بووم، من وامزانی خۆم یەکەم کەس دەبم، سەیرم کرد خەڵکی زۆر لە پێشی منەوە گەشتبوونە ئەوێ، چونکە ئەوانیش وەکو من پەیمانیان دابوو کە یەکەم کەس بن دەنگ بۆ پەرلەمانی کوردستان بدەن، ئەوکات تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەرنامەی تایبەت بە هەڵبژاردن کە هونەرمەندی بەڕێز کاک مستەفا چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردین بە گۆرانی فنجانە و فنجانە گوێ شاری سلێمانی پڕ کردبوو، بەداخەوە ئومێدی دیمۆکراسییەت و هەڵبژاردن تەنها خەونێکی پووچەڵ و بەدی نەهات بوو، شەڕی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بە دوای خۆیدا هێنا و جۆگەیەک لە خوێنی لاوی کوردی دروست کرد.

لە ڕیفراندۆمە تەڵەکەبازییەکەی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی پاردا، مەسعود بارزانی بۆ ڕازیکردنی دڵی دوژمنانی کورد و مانەوەی خۆی لەسەر کورسی دەسەڵات، مشته کۆڵەی جەرگ بڕی لە گەلی کورددا، و نیوەی زۆری خاکی بە خوێن ڕزگار کراوی ڕادەستی دوژمن کرد، ووتی ” من حساب بۆ کەس ناکەم، هەڵبژاردن بۆ ڕیفراندۆم دەکەم” لە کاتێکدا و لە بنەڕەتدا پرسی سەربەخۆیی پیویستی بە ڕیفراندۆم نیە، لە ئەنجامدا ئێستا سیاسەتی فاشیستانە لە شارەکانی کەرکوک و خانەقین و دووزخورماتوو بەڕێوە دەچێت، کەسیش خۆی بە خاوەنی ئەم شارانە نازانێ جگە لە دانیشتوانەکەی خۆی نەبێت.

هەڵبژاردن لە هەموو جیهاندا بێ کاریگەر بووە و هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان، و لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپای یەکگرتووشدا تەنها درۆیەکی زلە و خەڵکی پێ چەواشە دەکرێ، بە هەڕەشە و جەزای بەشداری نەکردنیان لێ دەکرێ، لە هەڵبژاردنی ئەم مانگە لە ووڵاتی بەلجیکا هەر هاووڵاتییەک بەشدار نەبێ جەزای سەد و پەنجا ئیرۆ دەدات، لە ناو جەرگەی ئەوروپای بە ناو بە ڕێوەبەری دیموکراسیدا هێشتا زهنیەتی ڕەگەز پەرستی دەستێکی باڵای هەیە، و هەر بۆیە پارتە ڕەگەزپەرستەکان دەنگی زیاتریان هێناوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا.

(تریسە بەیکن) پرۆفیسۆر لە کۆلیجی ئەرەپاهۆ دەڵێ: کاندیدەکان بۆ حکومەت بەڵێنێکی زۆر دەدەن بە خەڵک کە کار و خزمەتی زۆر دەکەن گەر هەڵیان بژێرین، گەر من دەنگی خۆم بدەم بە هەر یەکێک لە کاندیدەکان دواتر ڕقی زۆرم لێیان دەبێ چونکە کە چوونە پەڕلەمان  چیتر کەسیان لە بیر نامێنێ، و کار بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و گروپی بەرژەوەندخوازانە پێک دێنن بۆ ئەوەی پلە و پایەی زیاتر بە دەست بھێنن.

 لە ووڵاتی سەرمایەداریدا، دەسەڵات و ئابووری لای کەمینەیەکی کەمە، ژیان و گوزەرانی باقی خەڵک قورس و گرانە و هڵبژاردن هەبێ یان نەبێ بۆ ئەوان کاریگەری نیە، گەلی کورد گەڵێکی زیندووە و زەرەرەکانی ڕوون و ئاشکرایە کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن تووشی بووە، پێش گەلانی تری جیهان هەستی بە درۆزنی و فێڵی گەورەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجامگیر کردوو، بۆی دەرکەوتووە کە چیتر هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان بە چارەسەری نازانێ بۆ بەڕێوەبرنی کۆمەڵگا و ووڵات، هەر بۆیە لە ئەمریکا حکومەت کێشەی ئەوەی هەیە کە خەڵک بەشدار نابێ  لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا، چونکە بڕوایان بە پرۆسەکە نەماوە خۆیان پێوە خەریک ناکەن. لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ساڵی 2016 لە نێوان هەردوو کاندیدا بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا (هلری کلنتۆن) کاندیدی دیموکراتەکان و (دۆناڵد ترەمپ) کاندیدی کۆماریەکان بوون، خەڵک بەشداریەکی جدی کرد زۆرینەی دەنگەکانی خەڵک بۆ هلری کلنتۆن بوو، بەشداری زۆری خەڵک بۆ ئەوە بوو کە بۆ یەکەمجار ژنێک ببێت بە سەرۆک کۆماری ئەم ووڵاته، کەچی لە ئەنجامدا ترەمپ بە براوە دەرچوو ئەوە بووە مایەی ئەوەی کە چیتر خەڵک بڕوای بە پرۆسەکە نەمێنێ.

لە کوردستاندا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی درۆزنەیی بە سەدان و هەزاران فێڵ و تەڵەکەییان دەکرد، بە دەنگی مردووەکان سندوقەکانی دەنگدانیان پڕ دەکرد، جگە لە فڕکان فڕکانی دزینی سندوقەکانی دەنگدان لە نێوان هەردوو پارتی بنەماڵە هیچی تر نەبوو، یاریکردن بە هەست و سۆزی گەلەوە کە پێی دەڵێن هەڵبژاردن و دەنگدان.

هەڵبژاردن بەشێکی بچووکە لە نێو پرۆسە و بەرنامەی سستەمی دیمۆکراتیانەدا، بەڵام چونکە پڕۆسەی ڕاستینەی دیمۆکراسی و ناساندنی خەڵک بە مافە ڕەوا و دیمکراسیانەکەی لە خزمەتی دەسەڵاتداراندا نیە، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردنیان زەق کردۆتەوە و خەڵکیان پێ سەرقاڵ و چەواشە کردووە، کە گوایە هەر ووڵاتێ پرۆسەی هەڵبژاردنی تێدا بێت ئەوە ئیتر ووڵاتێکی دیموکراسییە.

زياتر نيشان بدە

وتارى پەيوەنديدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Close
Close