كولتوور

هاواری ئازادی ژن

ئه‌وین زیلان

ویستم شورایەک له‌ ئاگر

به‌ ده‌وری خۆما بکێشم

تا که‌س نه‌توانێ بگاتە

فیردەوسی سنورەکانم

که‌چی؛

له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاویان بەسەردا ڕژاند.

ویستم په‌رژینێک لە جوانی

دروست بکەم

تا پەنجەی نەوسی هیچ کەسێک نەتوانێ

هەستەکانم بلێسێتەوە

کەچی؛

دەستدرێژیان کردە سەر هەستەکانم و

منداڵی گریان لەدایک بوو

ویستم دیوارێک لە کۆنکرێت دروست بکەم

هەتاکو ئەوسەری گەردوون

لە پیرۆزی ژن هەڵچنم

تا تیری چاوی هیچ نێرێک

گومەزی سنگم نەپێکێ

کەچی؛

پەتی ناپاکیان

بۆ خەیاڵەکانم هەڵواسی

هەموو گەردوون

کەوتۆتە ژێڕ پێی ئەوان و

تەنانەت “با”-شیان

بە بۆنی نێرایەتی

ئالودە کردووە

کەس لە ڕۆحم، لە فیکرم

ڕانامێنێ،

چاوی ئەوان

بە تەنیا جەستەم دەبینێ و

خواستە بێ کۆتاییەکانی نێرینەیی

وەکو مار

لە جەستەی خوداوەندیم ئاڵاوەو

دەمارەکانم ژەهراوی دەکەن

 ئەمە چ دونیاو چ جیهانێکە

ئەمە چ جەنگەڵستانێکی بێ دادە

کە جێگای ژنی تێدا نابێتەوە؟!

شەکەتم،

تەنگە نەفەسم و

ئیتر خەریکە گوم دەبم.

ئایا لەم جیهانە فراوانەدا

کەس نیە لە من تێبگات؟

من چیم ئەوێ جگە لە دووباڵ

بۆ فڕین!

من چیم ئەوێ

جگە لە پەنجەرەیەک بۆ ئازادی

جگە لە جوانی و پاکی

جگە لە میهرەبانی

من چیم ئەوێ!

خۆشت ئەوێم؟

مەمشکێنە، مەزنیم ئەوێ

خۆشەویستی بۆ من

ڕزگاریمە، ڕزگار کردنی ئەو وزەیە

کە لە ژێر دوو باڵی ئازادیدا

قەتیس ماوەو دواتر فڕین

فڕین بەرەو ئاسمانی بێ کۆتایی و

نەنیشتنەوەو

بوون بە هێزی بزوێنەری گەردوونە

دەمەوێ ئازاد بم،

ڕزگار بم،

دەمەوێ زنجیری کۆیلایەتی

هەزاران ساڵە پارچە کەم

دەمەوێ پڕ بە گەرووم

لە ناخی دڵمەوە

هاواری ئازادی

کە لەناخمدا خنکاوە

بەگوێی هەموو عەقڵیەتێکی

داگیرکار، دەستدرێژی کار و پیاوانەدا

بقیڕێنم.

دەمەوێ ببمە تیشکی هەتاو و

چاوی حیزو دڕیان کوێر کەم

ئەمەوێ ببمە ئاگرو

چڕنوکی پڕ لە شەهوەتی زمانیان

هەڵقرچێنم

دەمەوێ ببمە هاواری

کپکراوی هەموو ژنە شیرینەکانی وڵاتم!

زياتر نيشان بدە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close